09/09/2026
شانازییەکی گەورە بوو بۆ من وەک “دایکی فیلم” و باڵیۆزی فیلم لە ئیتاڵیا، دوای چەندین مانگ لە هەوڵ، ماندووبوون و بەدواداچوونی بەردەوامی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە فەرمی گەیشتینە سەر گەورەترین و سەرنجڕاکێشترین ستەیجی جیهانیی سینەما لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤێنیس بۆ نمایشکردنی جیهانیی فیلمی (No Paradise If You Are Killed by a Woman).
لێرەوە دەمەوێت سوپاسی تایبەت و بێپایانی جەنابی سەرۆکی هەرێم بکەم بۆ پشتگیریی بەردەوامیان لەم پرۆژە هونەرییە مەزنە. و زۆر سوپاسی بەڕێز ئەلبێرتۆ باربێرا، بەڕێوەبەری هونەریی فێستیڤاڵەکە دەکەین، کە هەر لە دیدار و پێشوازیکردنەکەدا، بە ڕێزەوە ئاماژەی بە ڕۆڵ، ماندووبوون و هەوڵدانە بەردەوامەکانی نوێنەرایەتی کرد، کە چۆن توانیمان بە شەونخوونی و بەدواداچوون، ئەم فیلمە بهێنینە پێشەوە و بیناسێنین بە جیهانی سینەما و بەڕێوەبەرایەتیی فێستیڤاڵەکە تاوەکو گەیشتە ئەم ئاستە مەزنە.
بەڕێز باربێرا بە شانازییەوە جەختی لەوە کردەوە کە ئەم فیلمە پەیامی بەهێزی تێدایە و باسی ڕۆڵی مەزنی پێشمەرگە و گەلی کورد دەکات لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستانی داعش و پاراستنی جیهان، و ڕایگەیاند کە “دەبێت جیهان بزانێت کورد چ قوربانی و بەرگرییەکی کردووە.”
هەروەها دەستخۆشییەکی گەرم ئاراستەی دەرهێنەر و سەرجەم ئەکتەر و تیمی بەرهەمهێنانی فیلمەکە دەکەین، کە توانیان ئەم وێنە ڕاستەقینەیە بە جیهان پیشان بدەن، و هیوای سەرکەوتنی بەردەوام و بەدەستهێنانی خەڵاتی گەورەتریان بۆ دەخوازم.
ئەم خزمەتە بچوکە پێشکەش بە دۆزی ڕەوای گەلی کوردستان و مێژووی پڕ لە سەروەریمان دەکەین. سوپاسی یەکە بە یەکەی ئەو کەسانە دەکەین کە بە وشەیەک یان بە ئامادەبوونیان لە هەر شوێنێکەوە هاتن بۆ بینینی فیلمەکە، و پشتگیرمان بوون. هیواداریم ئەم هەنگاوە دەستپێکێک بێت بۆ کاری هونەریی زیاتر و پشتگیریی بەردەوامی ئەم جۆرە کارە هونەریانە.