مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعیی کوردستان

  • Home
  • Iraq
  • Soran
  • مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعیی کوردستان

مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعیی کوردستان پەڕەی فەرمیی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی
لێرەوە کار و چاڵاکیی حزبی بڵاودەکرێتەوە مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی كوردستان

گوڵزاری منداڵان؛ ئاهەنگێکی پڕ مانا و ڕەنگین لە شاری سۆران بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوەمنداڵان، ناسکترین چڵی ژیان و هی...
01/06/2026

گوڵزاری منداڵان؛ ئاهەنگێکی پڕ مانا و ڕەنگین لە شاری سۆران بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە

منداڵان، ناسکترین چڵی ژیان و هیوابەخشی دواڕۆژن؛ بە ئامانجی ڕێزگرتن لەم توێژە گرنگە و چاندنی زەردەخەنە لەسەر لێویان، لیژنەی سۆرانی (کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان)، بە هەماهەنگی و هاوکاری لەگەڵ (تۆڕی عێڕاق بۆ مافەکانی منداڵان)، ئاهەنگێکی خنجیلانە و پڕ لە چاڵاکیی هەمەجۆریان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانیی منداڵانەوە ڕێکخست.

ئەم ئاهەنگە کە تێیدا ژمارەیەکی بەرچاو لە منداڵان و کەسوکاریان ئامادەی بوون، چەندین بڕگەی سەرنجڕاکێش و پەروەردەیی لەخۆ گرتبوو، کە بریتی بوون لە:

١ـ ئاواز و گۆرانی:
بۆنی خۆشیی جەژن و شادی لە دەنگی منداڵەکاندا ڕەنگی دابووەوە، بە میوزیک و گۆرانییە تایبەتەکانی خۆیان، کەشێکی پڕ لە وزە و دڵخۆشییان دروستکرد.

٢ـ مافەکانی منداڵ لە درووشمەکاندا:
لەم بڕگەیەدا، بە ئامانجی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و خودی منداڵانبوو بە مافەکانیان، چەندین درووشمی تایبەت بە مافە سەرەتاییەکانی منداڵان نمایش کران، کە تێیدا جەخت لە دابینکردنی ژیانێکی شایستە و پاراستنی منداڵان لە هەموو جۆرە توندوتیژییەک کرایەوە.

٣ـ پیشانگای بەهرەکان:
بەشێکی تری ئاهەنگەکە تایبەت بوو بە کردنەوەی پیشانگایەکی وێنەکێشان بۆ منداڵان. وێنەکانیان گوزارشتیان لە خەون و خەیاڵە ناسکەکانی منداڵان دەکرد.

٤ـ خەڵات و شیرینی:
بۆ ئەوەی یادگارییەکی جوان لە مێشکی منداڵەکاندا بمێنێتەوە، لە کۆتایی چالاکییەکەدا دیاری و شیرینی و نووقڵ بەسەر سەرجەم منداڵانی بەشداربوودا دابەش کرا، کە ئەمەش خۆشییەکی زیاتری بە دڵی ئەوان بەخشی.

ئەم جۆرە چاڵاکییانە نیشانەی بایەخدانی ڕێکخراوەکانە بە نەوەی نوێ و هەوڵدانە بۆ دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست کە تێیدا منداڵ بە ئازادی و بە مافە ڕەواکانییەوە گەورە بێت.

ڕۆژی جیهانیی منداڵان (۱ـی ٦) لە هەموو منداڵانی کوردستان پیرۆز بێت.

∎ پرسەنامەبۆ بنەماڵەی تێکۆشەری دێرین هاوڕێ (خالید شیوعی)بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە، هەواڵی دڵتەزێنی کۆچی دوایی گەنجی ئازیز ...
01/06/2026

∎ پرسەنامە

بۆ بنەماڵەی تێکۆشەری دێرین هاوڕێ (خالید شیوعی)

بەداخ و کەسەرێکی زۆرەوە، هەواڵی دڵتەزێنی کۆچی دوایی گەنجی ئازیز و جوانەمەرگ (سەهەند سەفین)مان پێگەیشت کە بەهۆی ڕووداوێکی دڵتەزێنی هاتوچۆوە گیانی سپارد، هەروەها برینداربوونی کاکە (دارڤین سیرین) لە هەمان ڕووداودا خەم و پەژارەی هەموومانی قووڵتر کرد.

بەناوی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعیی کوردستان، گەرمترین پرسە و سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆمان ئاراستەی ئێوەی بەڕێز و تەواوی خزم و کەسوکارتان دەکەین. خۆمان بە هاوبەشی ئەم خەمە گەورەیەتان دەزانین.

هیوای ئارامی و دڵنەوایی بۆ بنەماڵە تێکۆشەرەکەتان دەخوازین. هاوکات لە ناخی دڵمانەوە هیوای چاکبوونەوەی خێرا و تەندروستییەکی باش بۆ کاک داڕڤین.

هیوادارین ئەمە دوا کۆست و ناخۆشی بنەماڵە بەڕێزەکەتان بێت.

مەڵبەندی سۆرانی
حزبی شیوعیی کوردستان
١ / ٦ / ٢٠٢٦

حزبی شیوعیی كوردستان لە كۆربەندی نێودەوڵەتیی مۆسكۆ داوای پشتگیری بۆ خەباتی گەلی كورد دەكاتکارەکانی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی د...
26/05/2026

حزبی شیوعیی كوردستان لە كۆربەندی نێودەوڵەتیی مۆسكۆ داوای پشتگیری بۆ خەباتی گەلی كورد دەكات

کارەکانی کۆڕبەندی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر و ئیمپریالیزم لە مۆسکۆ دەستیپێکرد، کە تێیدا زیاتر لە ١٨٠ حزبی شیوعی و حکومەت لە سەد وڵاتەوە بەشدارن. لەسەر بانگهێشتی فەرمی حزبی شیوعیی ڕووسیا، هیوا عومەر، جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعیی کوردستان لە کۆڕبەندەکەدا بەشدارە.
​گینادی زیوگانۆف، سکرتێری حزبی شیوعیی ڕووسیا، ڕایگەیاند کە کۆڕبەندەکە سەکۆیەکە بۆ هاوتەریبکردنی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان لە دژی پێشێلکارییەکان. لە ڕۆژی دووەمدا، هیوا عومەر وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا قەیرانەکانی غەززە، ئۆکرانیا، سوودان، عێراق و سووریای وەک ڕەنگدانەوەی قەیرانی سیستمی ئیمپریالیستی و سەرمایەداری لەقەڵەمدا، کە تێیدا خەرجییە سەربازییەکان لە نێوان ٢٠١٦-٢٠٢٥ بە ڕێژەی ٤١٪ زیادیان کردووە.
هیوا ​عومەر تیشکی خستەسەر دۆزی کورد و ڕایگەیاند، کورد گەورەترین نەتەوەی بێ دەوڵەتە و بەهۆی ڕێککەوتنەکانی سایکس-پیکۆ و لۆزان خاکەکەی دابەشکراوە. ئەو ڕەخنەی لە واشنتۆن گرت کە کوردی وەک دراوی ئاڵوگۆڕ بەکارهێناوە. هەروەها ئاماژەی بەوەکرد کە دوای هاتنەسەرکاری ئەحمەد شەرع (جۆلانی) لە کۆتایی ٢٠٢٤ لە دیمەشق، هێرشەکان بۆ سەر ناوچە کوردییەکان زیادیان کردووە، بە جۆرێک لە ململانێی حەلەب لە نێوان تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ تا کانوونی دووەمی ٢٠٢٦، پتر لە ٤٦ هەزار کورد ئاوارە بوون.
​لە کۆتاییدا، جێگری سکرتێری کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعێی کوردستان، جەختی لە پرەنسیپی لینین بۆ مافی بڕیاردانی چارەنووسی نەتەوەکان کردەوە و داوای لە هێزە چەپەکان کرد پشتگیری لە خەباتی کورد بکەن بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەم کۆڕبەندە سێ ڕۆژە (٢٤-٢٦ی ئایاری ٢٠٢٦) بەردەوام دەبێت و بە دەرکردنی ڕاگەیەندراوی مۆسکۆ کۆتایی دێت.

پرسە نامەیەک لە مەڵبەندی سۆرانی حیزبی شیوعیی کوردستانبۆ/  هاوڕێ نەرمین نەجمەدین مامۆ، ئەندامی سەرکردایەتی حزبمانسەرجەم خ...
21/05/2026

پرسە نامەیەک لە مەڵبەندی سۆرانی حیزبی شیوعیی کوردستان
بۆ/ هاوڕێ نەرمین نەجمەدین مامۆ، ئەندامی سەرکردایەتی حزبمان
سەرجەم خانەوادەی سەرکردە و تێکۆشەری کۆچکردوو هاوڕێ نەجمەدین مامۆ.

بەناوی مەڵبەندی سۆران و سەرجەم هاوڕێیانمان، پرسە و هاوخەمی قوڵمان بۆ کۆچی دوایی هاوڕێ ( خاتوون سەید ) دایکی خۆشەوستتان ڕادەگەیەنین، ژیانئاوایی هاوڕێ( خاتوون) هەمووانی نیگەران و تاسەبار کرد.

هەڵبەتە هاوڕێ (خاتوون ) بەدرێژایی ڕۆژانی خەباتی شاخ، هەنگاو بە هەنگاو لەگەڵ سەرکردە و پێشمەرگەی قاڕەمان هاوڕێ نەجمەدین مامۆ و( شەهید فەرسەت ) و خانەوادەکەی بەشداریی کۆڕی تێکۆشان و ڕۆژانی خەباتی پێشمەرگایەتیی بوو. ئێمە لە نزیکەوە ئاگاداری وانەکانی بەردەوامی و خۆڕاگریی، دڵسۆزیی وئامادەیی هاوڕێ خاتوون و خانەوادەکەی بووین لە داکۆکیکردن لە بەرنامەی حیزب و مافی ڕەوای گەلەکەی، هەر بەهۆی ئەمەشەوە. هاوڕێ خاتوون و خانەوادەکەی ڕووبەڕووی نەهامەتی و ئاستەنگی ژیان و ڕۆژانی سەخت و ماندووبوون و دەربەدەری بوونەوە.

سەرەڕای بەندکردن و گوشار و هەڕەشەی حکومەتی بەعس، بەهۆی هەڵوێستە نشتیمانیی و چینایەتییەکانی خانەوادە خەباتگێرەکەیان، بەڵام هەر کۆڵینەدا و لە تێکۆشان بەردەوام بوو، وێڕای ئەوەی کادیرێکی مەیدانی ڕێکخستن و کۆمەڵەی ئافرەتان بوو. ئێمە بە شانازییەوە یادی هاوڕێ خاتوون و ڕۆژانی تێکۆشانی بەرز ڕادەگرین.
گیانی شاد و ئارام بێت

مەڵبەندی سۆران
حیزبی شیوعیی کوردستان
2026/5/21

مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی یەکێتی کردئەمڕۆ سێشەممە (١٩/ ٥/ ٢٠٢٦)، بە...
19/05/2026

مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی یەکێتی کرد

ئەمڕۆ سێشەممە (١٩/ ٥/ ٢٠٢٦)، بە مەبەستی گەیاندنی پیرۆزبایی بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک لێپرسراوی نوێی مەڵبەندی شەشی سۆرانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، شاندێکی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعیی کوردستان، سەردانی مەڵبەندی یەکێتییان کرد و چەپکەگوڵی پیرۆزباییان پێشکەش بە بەڕێز (کاروان گەزنەیی) کرد.

شاندەکەی حزبی شیوعی، کە پێکهاتبوو لە (ئیبراهیم بابان) سکرتێری مەڵبەند و (نەجات ئەسعەد) جێگری سکرتێر و ژمارەیەک لە ئەندامانی دیکەی مەڵبەند، لە لایەن (کاروان گەزنەیی) و هەڤاڵانی دیکەی مەڵبەندی سۆرانی یەکێتییەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێ کرا.

لە میانی ئەو دیدارە دۆستانەیەدا، وێڕای دووپاتکردنەوەی پیرۆزبایی و خواستی سەرکەوتن بۆ لێپرسراوی نوێی مەڵبەند، هەردوولا چەندین تەوەری گرنگی ڕۆژەڤیان تاوتوێ کرد. هاوکات، هەڵسەنگاندنی ورد بۆ بارودۆخی سیاسی و کۆمەڵایەتیی ناوچەکە و پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کرا و بیروبۆچوونی پێویست لەبارەیانەوە ئاڵوگۆڕ کرا.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، هەردوو لایەن کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان و دابینکردنی بژێوی و خۆشگوزەرانی بۆ هاووڵاتییان، دەبێت لە سەرووی سەرجەم بەرژەوەندییە حزبییەکانەوە بێت. جەختیش لەوە کرایەوە کە پرسی نیشتمان و خزمەتکردنی خەڵک، لەپێشینەی کار و پڕۆژە و تێڕوانینی هەردوو حزبە.

لە کۆتایی سەردانەکەدا، هەردوو شاندەکە جەختیان لەسەر بەهێزکردنی ئەو پەیوەندییە مێژوویی و لەمێژینەیە کردەوە کە لە نێوانیاندا هەیە، و کۆک بوون لەسەر ئەوەی کە دۆستایەتی و هەماهەنگیی هاوبەش لەپێناو خزمەتکردنی جەماوەر و خەڵکی ناوچەکە، بنەمای سەرەکیی پەیوەندی و کارەکانی داهاتووی هەردوولا دەبێت.

∎ ڕاگەیاندنی مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعی

لە مەراسیمێکی جەماوەریدا؛ یادی ٦٠ ساڵەی "داستانی هەندرێن" لە ڕواندز بەرز ڕاگیرا لە ڕواندز لەژێر بناری چیای هەندرێن، یادی...
12/05/2026

لە مەراسیمێکی جەماوەریدا؛ یادی ٦٠ ساڵەی "داستانی هەندرێن" لە ڕواندز بەرز ڕاگیرا

لە ڕواندز لەژێر بناری چیای هەندرێن، یادی ٦٠ ساڵەی داستانی مەزنی هەندرێن لە مەراسیمێکی جەماوەریی فراواندا بەرز ڕاگیرا؛ داستانێک کە شانازیی تۆمارکردنەکەی بۆ پێشمەرگەکانی حزبی شیوعی و هێزە هاوپەیمانەکانی دەگەڕێتەوە.

مەراسیمەکە بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی بەرچاو لە کەسایەتییە حزبی و حکومییەکان، کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان، تێکۆشەرانی دێرین و جەماوەرێکی بەرفراوان بەڕێوەچوو. سەرەتای یادەکە بە کردنەوەی پێشانگایەکی تایبەتی فۆتۆگرافی دەستی پێکرد، کە شریتی کردنەوەکەی لەلایەن هاوڕێ (ڕائید فەهمی)، سکرتێری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی عێراق و هاوڕێ (تانیا)، خوشکی شەهید ساڵحی مام ئەلیاس، یەکێک لە شەهیدانی داستانەکەوە بڕدرا. لە پێشانگاکەدا کۆمەڵێک وێنەی دەگمەن و مێژوویی پێشمەرگەکانی داستانی هەندرێن نمایش کرابوون، کە سەرنجی ئامادەبووانیان بۆ لای سەروەرییەکانی ئەو قۆناغە ڕاکێشا.

دوابەدوای بەسەرکردنەوەی پێشانگاکە، بەشی فەرمیی مەراسیمەکە دەستی پێکرد. وەک وەفایەک بۆ شکۆ و گیانی پاکی شەهیدان، ئامادەبووان ساتێک بە بێدەنگی وەستان لەگەڵ سروودی نەتەوەیی (ئەی ڕەقیب) و سروودی (ئەینتەرناسیۆنال).

لە بڕگەیەکی دیکەی مەراسیمەکەدا چەندین وتار پێشکەش کران؛ سەرەتا وتاری بەخێرهێنانی مەڵبەندی سۆران و کۆمیتەی ڕواندز لەلایەن هاوڕێ (ڕزگار ئەحمەد)ەوە خوێندرایەوە. پاشان هاوڕێ (ڕائید فەهمی) وتاری حزبی شیوعیی عێراقی پێشکەش کرد و دواتریش وتاری کۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی کوردستان لەلایەن هاوڕێ (سوبحی مەهدی)یەوە خوێندرایەوە. لە درێژەی وتارەکاندا، پەیام و وتاری پێشمەرگە دێرینەکانی عێراق و کوردستانیش پێشکەش بە ئامادەبووان کرا.

وەک وەفایەک بۆ قوربانیدان و خەباتی نەپساوەی تێکۆشەران، لە بڕگەی ڕێزلێناندا، خەڵاتی ڕێزلێنان بەخشرایە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدانی داستانی هەندرێن، هەروەها چەندین هاوڕێ و تێکۆشەری دیکەش لەپای خەباتی دێرینیان ڕێزیان لێ گیرا.

لە بەشی کۆتایی مەراسیمەکەشدا، نووسەر و مامۆستا (مەغدید حاجی) نوێترین کتێبی خۆی کە تایبەتە بە مێژووی داستانی هەندرێن ناساند و لە کۆتاییدا کتێبەکە وەک دیارییەک بەسەر ئامادەبووان و میوانانی مەراسیمەکەدا دابەش کرا.

بانگهێشتنامەبە بۆنەی تێپەڕبوونی (٦٠) ساڵ بەسەر «داستانی هەندرێن»-ی مەزن، کۆمیتەی ڕێکخستنی ڕواندزی حزبی شیوعیی کوردستان، ...
10/05/2026

بانگهێشتنامە
بە بۆنەی تێپەڕبوونی (٦٠) ساڵ بەسەر «داستانی هەندرێن»-ی مەزن، کۆمیتەی ڕێکخستنی ڕواندزی حزبی شیوعیی کوردستان، بە هەماهەنگی لەگەڵ هەردوو کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی حزبی شیوعیی عێراق و کوردستان، مەڕاسیمێکی جەماوەریی فراوان ڕێکدەخەن.

بەرنامەی مەڕاسیمەکە بریتییە لە:
🔸کردنەوەی پێشانگایەکی وێنەی ئەرشیفیی شەهیدان و پێشمەرگە بەشداربووەکانی داستانەکە.
🔸 خوێندنەوە و ناساندنی پەرتووکی «داستانی هەندرێن» لەلایەن هاوڕێ (مغدید حاجی)-یەوە.

ئامادەبوون و بەشداریی ئێوە، نواندنی ڕێز و وەفایە بۆ خوێنی شەهیدان و خەباتگێڕانی ئەم داستانە مێژووییە.

کات و شوێن:
∎ ڕێکەوت: سێشەممە، ١٢/ ٥/ ٢٠٢٦
∎ کاتژمێر: ٣:٣٠ی پاشنیوەڕۆ
∎ شوێن: هۆڵی بۆنەکانی ڕواندز

بەخێر بێن بۆ ئەم یادە شکۆدارە.

03/05/2026

#کوردستان #ڕاپۆرت #هەواڵ #شارەکانمان

01/05/2026

🔴 کۆمیتەی سۆران
خوێندنەوەی ڕاگەیێنراوی حزبی شیوعیی کوردستان بە بۆنەی یەکی ئایار، ڕۆژی جیهانیی کرێکاران.

Address

Soran
Soran

Alerts

Be the first to know and let us send you an email when مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعیی کوردستان posts news and promotions. Your email address will not be used for any other purpose, and you can unsubscribe at any time.

Contact The Organization

Send a message to مەڵبەندی سۆرانی حزبی شیوعیی کوردستان:

Share