04/06/2026
خولێکی پێنج ڕۆژە لەبارەى "ڕۆشنبیری دارایی و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان" کۆتایی هات
ئەمڕۆ پێنجشەممە 4ی 6ی 2026 خولی تایبەت بە "ڕۆشنبیری دارایی و خزمەتگوزارییە دیجیتاڵییەکان" کۆتایی بە چالاکییەکانی هێنا. خولەکە بە هاوبەشی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیمان و ڕێکخراوى GIZی ئەڵمانی ڕێکخرابوو، تیایدا ژمارەیەک لە ڕاهێنەرانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی کار و ڕاهێنانی پیشەیی پارێزگاکان و بەڕێوەبەرایەتی سندوقی پشتیوانى پڕۆژە بچووکەکانی لاوانی بەشدار بوون.
لە ماوەى پێنج ڕۆژى خولەکەدا، بەشداربووان پێداچوونەوەیەکی ورد و زانستییان بۆ بابەتەکانی پڕۆگرامەکە کرد بە ئامانجی بەرزکردنەوەی کوالێتی و دەستنیشانکردنی ئەو کەموکورتییانەی پێویستە چارەسەر بکرێن. هەروەها بە شێوەیەکی تێروتەسەل گەنگەشەی چەمکە نوێیەکانی وەک؛ خزمەتگوزارییە داراییە دیجیتاڵییەکان، مامەڵە بانکییەکان، جۆرەکانی کارتی پارەدان، پاراستنی زانیارییە کەسییەکان و شێوازەکانی بەرەنگاربوونەوەی ساختەکاری ئەلیکترۆنی، کرا.
لە وتەی کۆتایی خولەکەدا، بەڕێز دیدار محمد قادر؛ لێپرسراوى ڕاهێنانی پیشەیی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیمان، دووپاتى لە گرنگیی ئەم جۆرە چالاکییانە کردەوە و ڕایگەیاند، ئامانجی سەرەکیی ئێمە تەنها گواستنەوەی زانیاری نەبووە، بەڵکو پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەیە کە دەبنە هۆی هۆشیارکردنەوەی گەنجان و خاوەنکارانی پڕۆژە بچووکەکان، تاوەکو بتوانن لە ژینگەیەکی دارایی سەلامەتدا بازاڕی کار بەڕێوە ببەن.
شایەنی باسە، ئەم خولە بە هاوبەشی لەلایەن یەکێتی ئەوروپا و کۆماری فیدراڵی ئەڵمانیا پشتیوانی دارایی کرابوو، کە لە ڕێگەی هەردوو پڕۆژەی (EPSI) و (FI)ی سەربە ئاژانسی GIZی ئەڵمانییەوە جێبەجێ کرا.
ڕاگەیاندنى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کار و دەستەبەرى کۆمەڵایەتى