18/04/2026
شانازییە کە کافرم
ھۆ غەزالەکەی مەولایی
مەولات کێ بوو، من بە دینی ئەو کافرم
بیرت چی بوو، من بۆ ئەوە ساغیرم*
ھۆ غەزالەکەی کوردستانم، ئاسکۆڵەی باوانەکەم
خاکی ژێر پێی تۆ پیرۆزترە لە بڕوای جەنجاڵی لانەکەم
ھۆ غەزالەکەم، ھەر کە دەڕوانمە ژێر پێڵاوەکەت
ڕوخساری دوژمنانی کورد دەبینم لە جێپێی وەستانەکەت
ھۆ غەزالەکەم، ئەی ئاسکۆڵە نەشمیلە ھەژدە ساڵییە چەك لە شانەکەم،
گەر خواپەرستی لەوەدا بێت، داعشییەك تیمار بکرێ لە تەڕەماشخانەی بەخشین و برینەکانی تۆش بێ ڕێزی فەرابکرێن،
سوێند بە ئەڵلا و خودا و ئێزدان و یەزدان و پەروەدگار و مەولا و خاوەنکار و فڵان و فیسار من کافرێکی مولحیدی ھەموو ئایینەکانم، جگە لە ئایینی پیرۆزی کوردبوون کە خائین و نۆکەری بێگانە و خۆفرۆشی تیادا ڕسوا دەکرێن.
غەزاڵ گیان، ئەی خواوەندی تێکۆشانی جوانی، لە پێڵاوەکانی تۆ جوانتر و پیرۆزتر ھەبێ،
تەنھا ئەوانەن کە نەفرەت لە عەقیدە دەکەن و دەڵێن: بژی غەزاڵ و بمرێ کۆڵەوار!
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
* ساغیر: واتە گوێڕایەڵێکی بچووك.