07/09/2026
ڕەوەندی کوردی کۆنفرانسی تەواوکاریی بزوتنەوەی گۆڕان تاوتوێ دەكات
07/09/2026
"ئەم قۆناغە نوێیە بكرێتە خاڵی هێز بۆئەوەی گۆڕان كاریگەرتر ڕۆڵ ببینێت لە پڕۆسەی سیاسی و خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی و مافە نیشتمانییەکان"
ژوری ڕەوەندی کوردی لە کۆبونەوەیەکدا بەئامادەبونی شاخەوان ڕەئوف بەگ ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی، کۆنفرانسی نائاسایی و تەواوکاریی بزوتنەوەی گۆڕان و هەڵبژاردنی ڕیكخەری گشتی تاوتوێ کرد.
لە سەرەتای کۆبونەوەکەدا، فوئاد جەمال، رێکخەری ژوری رەوەندی کوردی، کورتەیەکی لەسەر ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە و کۆنفرانسی تەواوکاری و گرنگییەکانی بۆ داهاتوی بزوتنەوەی گۆڕان پێشکەشکرد، دواتر سەفین ئەحمەد قادر، بەرپرسی گۆشەی باکوری ئەوروپا، کۆبونەوەکەی بەڕێوەبرد و بابەتە پەیوەندیدارەکان بە کۆنفرانس و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی قۆناغی داهاتو خستەڕو.
لای خۆیەوە، شاخەوان رەئوف بەگ ئەندامی ئەنجومەنی سیاسی بزوتنەوەی گۆران بە وردی باسی بەڕێوەچونی کۆنفرانسی تەواوکاریی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد و ڕونکردنەوەی تەواوی لەسەر پڕۆسە، هەنگاوەکان و کاروباری پەیوەندیدار بە کۆنفرانس پێشکەشکرد.
هەروەها، بابەتی خۆڕێکخستنەوە و چالاککردنەوەی سەرجەم ئۆرگان و دامەزراوەکانی بزوتنەوەی گۆڕان بە وردی تاوتوێ کرا و جەخت لەسەر گرنگیی ڕێکخستن، بەهێزکردنی کاری ڕێکخراوەیی، پەیوەندییە ناوخۆییەکان و ئامادەبون بۆ قۆناغی داهاتو کرایەوە.
لەكۆتاییدا، بەشداربوان سەرنج، ڕەخنە و پێشنیارەکانی خۆیان سەبارەت بە کۆنفرانس و پرۆسەی کاری داهاتوی بزوتنەوەکە خستنە ڕو، و جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ماف و ئەرک و شوێن و ڕۆڵی ڕەوەندی کوردی بە شێوەیەکی ڕون و دیار لە دەستوری ناوخۆیی بزوتنەوەکەدا دیاری بکرێت.
کۆبونەوەکە بۆ ماوەی دو کاتژمێر بەردەوام بو و لە ماوەی ئەو کاتەدا، سەرجەم سەرنج، ڕەخنە و پێشنیارەکان بە وردی خرانە ڕو. شاخەوان ڕەوف بەگ بە وردی و بەرپرسیارییەوە وەڵامی سەرجەم سەرنج و پێشنیارەکانی بەشداربوان دایەوە.
لە کۆتاییدا، ژوری ڕەوەندی کوردی جەخت لەسەر پابەندبون بە بنەماکانی یەکڕیزی، شەفافیەت، دیموکراسی، بەرپرسیارێتی و دەستوری ناوخۆیی دەکاتەوە و پشتیوانیی خۆی لە هەمو هەنگاوێکی دروست و بەرپرسیارانە بۆ ڕێکخستنەوە و بەهێزکردنی دامەزراوە و ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕان دوپات دەکاتەوە و هیوای خواست ئەم قۆناغە نوێیە هێزێكی زیاتر ببەخشێتە بزوتنەوەكە بەرەو یەکڕیزیی زیاتر، نوێبونەوەی دامەزراوەیی، ڕێکخستنی کاری سیاسی و بەهێزکردنی متمانەی ناوخۆیی بۆئەوەی كاریگەرتر ڕۆڵی سیاسی و نیشتمانیی خۆی لە خزمەت بە بەرژەوەندیی گشتی و مافە نیشتمانییەکانی گەلدا بەجێ بهێنێت