Kurdistan Freedom party Representation in Norway

  • Hjem
  • Norge
  • Oslo
  • Kurdistan Freedom party Representation in Norway

Kurdistan Freedom party Representation in Norway Strategien til Kurdistan Freedom Party er å etablere en uavhengig Kurdistan-stat

27/08/2026

بە یەکگرتوویی سیاسی و ئامادەکاریی مەیدانی لە گۆڕانکارییەکاندا مافەکانمان مسۆگەر دەکەین

خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان!
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئيران لە دوایین کۆبوونەوەی خۆیدا کە لە ڕۆژی ٣ی خەرمانان بەڕێوە چوو، هەڵسەنگاندنی گشتگیری بۆ دۆخی نێوخۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و هەروەها هاوکێشە ئاڵۆزەکانی ناوچەکە کرد و تیشکی خستە سەر گۆڕانکارییە هەستیارەکان، قەیرانەکانی سیستمی سیاسیی ئێران و ئەو پەرەسەندنە خێرایانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەەن و تێیدا هەڵوێست و ڕوانگەی خۆی لەبارەی دۆخەکە دەستنیشان کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوەکرایەوە سەرەڕای ئەوەی کە شەڕ و پێکدادانەکان، کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە ستراتێژی و بازرگانیەەکان و دەستبەسەرداگرتنی سەرچاوەکان لە ناوچەکەدا ڕەهەندێکی مێژووییان هەیە، بەڵام دۆخی ئێستای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئێران لە قۆناغێکی وەرچەرخانی یەکلاکەرەوەدایە و سیستمی حوکمڕانی لە ئێران لە قەیرانێکی قوڵ و بێچارەسەردا دەژی کە ناتوانێت خۆی لە لێکەوتەکانی دەرباز بکات. هەروەها ئاماژە بەوە کرا حکوومەتی ئێران جگە لە شەڕ ڕووبەڕووی سزا و گەمارۆی قورسی ئابووریی و گوشاری فرەچەشن بووە کە بەرەو لێواری داڕمان یان لەدەستدانی کۆنتڕۆڵ بەسەر ناوچە جیاوازەکانی دەبات.

لەبەرانبەر ئەم دۆخە و گۆڕانکارییە چاوەڕوانکراوانەشدا، جەخت لەسەر پێویستیی ئامادەکاریی هەمەلایەنەی مەیدانی، سیاسی و دیپلۆماسی دەکەین و پێمانوایە بزووتنەوەی دیموکراتیک و ڕزگاریخوازی کورد لە کوردستانی ڕۆژهەڵات نابێت لەم قۆناغەدا تەنها ڕۆڵی چاودێری هەبێت، بەڵکو پێویستە بە پلانی تۆکمە و ستراتێژییەکی ڕوونەوە ئامادەی هەر پەرەسەندنێک بێت. پێداگری لەوەش دەکەین سەرکەوتنی بزووتنەوەی کورد بەستراوە بە هاوسەنگییەکی دروست لەنێوان ڕەهەندە نەتەوەییەکان، کە بریتییە لە پاراستنی مافە ڕەواکان وبە دەستەبەرکردنی شوناسی نەتەوەیی و مافی بڕیاردان لە چارەنووسو ئیرادەی نەتەوەیی کورد لە ئێرانی داهاتوو لەگەڵ ئازادییەکانی ژنان، پرسی دیموکراسی، داخوازییە مەدەنییەکان و بەها پیشکەوتووەکانی کۆمەڵگە.

وەک هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران جەخت لەوە دەکەینەوە کە هێزەکان و لایەنە سیاسییەکان پێویستە بۆچوون و توانای حیزبی بخەنە خزمەت بەرژەوەندییەکانی نەتەوەکەمان و هەماهەنگییەکانیان لە ئاستی ناوخۆ و دەرەوەدا بەهێزتر بکەن. لەم پێناوەشدا، پێویستە لە بواری سەربازی، ئەمنی، ڕێکخستنی و دیپلۆماسییەوە هەنگاوی هاوبەش بنرێت و هەوڵەکانی هاوپەیمانی خێرا ببنەوە و دیالۆگ و لۆبیکردن لەگەڵ ناوەندە بڕیاربەدەستە نێونەتەوەییەکان و هێزەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆنی دیموکراسیخواز لە ئێران بەڕێوە بچێت. لەم پێناوەشدا هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکان بە ئامادەکردنی دۆسیەی تایبەت لەسەر تاوانەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران و دۆخی کوردستان و پێشکەشکردنی بە ناوەندە نيودەوڵەتی و پێوەندیدارەکان، هەروەها بە پێشوازی هاوبەش لە ساڵوەگەڕی بزووتنەوەی «ژینا – ژن، ژیان، ئازادی» هەنگاو بەرەو بەهێزترکردنی پێگەی یەکگرتووی خۆی دەنێت.

لە کۆتایی ئەم کۆبوونەوەیەدا، هەموو لایەنەکان بە کۆدەنگی جەختیان لەسەر پێویستیی بەردەوامبوون و سووربوون لەسەر هەوڵەکان بۆ بەهێزکردن و پتەوکردنی زیاتری هاوپەیمانی کردەوە. ئەمەش نەک تەنها وەک پێویستییەک بۆ پتەوکردنی یەکگرتوویی لەنێوان لایەنەکاندا، بەڵکو بە مەبەستی خزمەتکردنی هەرچی باشتر بە بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستان و مسۆگەرکردنی داهاتوویەکی ئازاد و دیموکراتیک بۆ داهاتوو دێتە ئاراوە.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٥ی خەرمانانی ٢٧٢٦

25/08/2026
18/08/2026

فتوای جیهادی خومەینی لە ٢٨ی گەلاوێژ فەرمانی داگیرکردنەوەی کوردستان بوو

٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨ خاڵی گۆڕانی پێوەندیی کورد لەگەڵ کۆماری ئیسلامی و ڕۆژی دەرکردنی فتوای جیهاد دژی نەتەوەی کورد بوو، فتوایەک بۆ تۆڵەسەندنەوەی سیستماتیک لە گەلێک کە هۆشیارانە و یەکدەنگ «نا»ی بە ڕیفراندۆمی کۆماری ئیسلامی گوت. ئەو فتوایە نەک بڕیارێکی کتوپڕ، بەڵکوو لەڕاستیدا بەریەککەوتنی دوو پارادایمی هزری و سیاسی بوو. لە لایەکەوە تێڕوانینی داگیرکاری و تۆتالیتاریزم بوو کە هەوڵی دووبارە داڕشتنەوەی پێکهاتەی دەسەڵاتداریەتی دەدا، لە لایەکی دیکەشەوە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بوو کە ڕەنگدانەوەی ئیرادەی ڕاستەقینەی گەل بوو بۆ گەیشتن بە مافە بنچینەییەکانی خۆی و گەلانی دیکە لە ئێراندا.

فتوای ٢٨ی گەلاوێژ، فەرمانێکی نوێ بوو بۆ سیاسەتێکی ناسراو کە سەرچاوەی لەو تێڕوانینە گرتبوو کە پێشتریش و لە سەردەمی دەسەڵاتی پاشایەتیدا لە لایەن دەسەڵاتی ناوەندییەوە دژی نەتەوەی کورد بەکار هێنرابوو. لە گەلاوێژی ١٣٥٨دا، دەسەڵاتی نوێ بە درێژەدان بە سیاسەتی حاشا و تواندنەوە و بە هێرشکردن لە زەوی و ئاسمانەوە، سیاسەتی داگیرکاریی بۆ سەر کوردستان دووبارە کردەوە. لەشکەرکێشیی کۆماری ئیسلامی بە بڕیاری خومەینی لە کاتێکدا بوو کە نەتەوەکەمان لە کوردستانی ڕۆژهەڵات، ماف و داواکارییە ڕەواکانی خۆی لەسەر بنەمای بەشداریی سیاسیی دادپەروەرانە و چارەسەری ئاشتیانەی پرسی کورد، بە شێوازێکی دیموکراتیک و لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانەوە بەرەوپێش دەبرد. بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران نەیانتوانی نیازی خۆیان لە دوژمنایەتیکردنی کورد بشارنەوە.
لە ٢٨ی گەلاوێژی ١٣٥٨دا خومەینی لە پەیامێکی تونددا فتوای جیهادی دژی خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند. لە ڕووی سیاسی و ئایینییەوە، بەکارهێنانی چەمکی جیهاد بەرانبەر بە هاووڵاتیانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ڕەوایەتی بەخشییە هێزە چەکدارەکان بۆ ئەوەی هەر جۆرە توندوتیژییەک بەرانبەر بە خەڵکی کوردستان ئەنجام بدەن. هەر لە یەکەم ڕۆژی ڕاگەیاندنی فتوای جیهاد، هێزە چەکدارەکانی ئێران و بەتایبەت هێزەکانی سپای پاسداران بە چەکی قورس و پاڵپشتی هێزی ئاسمانی بەرەو شارەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جوڵەیان پێکرا.

لە سەرەتای هێرشەکاندا شاری پاوە و ناوچەکانی هەورامان کەوتنە بەر پەلاماری هێزەکانی سپای پاسداران و داگیرکران. ڕاستەوخۆ لەگەڵ داگیرکردنی شاری پاوە سادق خەڵخاڵی وەک حاکمی شەرع گەیشتە ناوچەکە و لە دادگایەکی سەحرایی دەیان کەس لە هاووڵاتیانی گولـلەباران کرد کە بریندار و مامۆستا و دوکتۆریان لەنێودا بوو. دوای داگیرکردنی شاری پاوە، لێشاوی هێرشەکان رووی لە شارەکانی دیکەی کوردستان بەتایبەت سنە و مەریوان و سەقز و مهاباد کرد. دوای کۆنترۆڵکردنی شارەکان، هێرشی سوپای پاسداران گوندەکانیشی گرتەوە و بە کۆمەڵکوژیی هاووڵاتیانی گوندی قاڕنێ و قەڵاتان، زنجیرە هێرشێکی یەک لە دوای یەک بۆ سەر گوندەکانی کوردستان بەڕێوەچوون.

لە بەرانبەر ئەو هێرشە سەربازییە و هەروەها فەرمانەکانی دواتر کە هەزاران هاووڵاتی و تێکۆشەری کورد گولـلەباران کران خەڵکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چۆکیان دانەدا. خۆڕاگریی کورد نیشانی دا کە ئیرادەی نەتەوەیەک بۆ مانەوە و ئازادی، لە هەر فەرمان و هێرشێک بەهێزترە. لەم ڕۆژەدا خوێنی بەناحەق ڕژاوی ئەو گەنج، ژن و هاووڵاتییانە بەبیردەهێنینەوە کە بوونە قوربانیی و ناویان وەک شەهیدانی ڕێگەی ئازادی لە مێژووی کوردستاندا بە زیندویی مایەوە.
لە ئێستایشدا بەردەوامیی هەمان سیاسەت و فتوای جیهادی خومەینی دژی نەتەوەی کورد، لە کوشتاری هاووڵاتیان، لەسێدارەدانەکان، سەرکوتکردنی چالاکانی مەدەنی و بەئامانجگرتنی سیستماتیکی شوناسی کورددا بە ڕوونی دەبیندرێن. لە بەرانبەر ئەم سیاسەتەدا ئەرکی هەنووکەیی و مێژوویی نەتەوەکەمان، پاراستنی یەکڕیزیی نەتەوەیی، پتەوکردنی پشتیوانی نێوان سەرجەم نەتەوە دیموکراتخوازەکان و خۆڕاگرییە لە سەنگەری تێکۆشانی مەدەنی و سیاسیدا. تێکۆشانی ئێمەش بۆ دیموکراسی، نەهێشتنی هەڵاواردن و بەدیهێنانی مافەکانمان بەتایبەت مافی دیاریکردنی چارەنووس، بە هەنگاوی پتەوتر لە جاران تا کۆتاییهێنان بەم عەقڵییەت و دەسەڵاتە پاوانخوازە بەردەوام دەبێت.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٧ی گەلاوێژی ٢٧٢٦

17/08/2026

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران، هێرشەکانی ئێران دژ بە دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان، مەحکووم دەکا!

بە پەلامارە درۆنییەکانی ئەمڕۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر نووسینگەی تایبەتی بەڕێز مەسروور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بارەگای ئاژانسی پاراستن و زانیاریی هەرێمی کوردستان، دژایەتیی و پێشێلکردنی بنەماکانی دراوسێتیی و نەپرینگانەوەی رێژیمی کۆماری ئیسلامی لە رەفتاری دوژمنکارانە دژی هەرێمی کوردستان، گەیشتە ئاستێکی دیکە. بەر لەوەش کۆمەڵێک دامەزراوەی لەشکریی و هەواڵگریی حکوومەتی هەرێم لە شاری سلێمانی، سەرەڕۆیانە و بێپاساو درانە بەر پەلاماری خەستی هاژەکیی و درۆنیی ئێران.
هەرێمی کوردستان لە ماوەی شەڕی ئەمریکا-ئیسرایل و ئێران زیاتر لە ١٠٠٠ هێرشی لەو چەشنەی کراوەتە سەر کە نیوەی ئەو هێرشانە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی حیزبەکانی رۆژهەڵات و شوێنی نیشتەجێبوونی خاو و خێزانەکانیان بووە .
پەلامارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە کە هەرێمی کوردستان هەر لەسەرەتای لەم شەڕەدا هەڵوێستی بێلایەنی ڕاگەیاند و نەکەوتە بەرەی دژبەرانی ئێرانەوە. ئەوەش سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە دژایەتی کورد و شەڕفرۆشیی بە هەر کیان و قەوارە و ئیرادەیەکی خۆبڕیاردەریی کوردستانیی لە ناوچەکە؛ سیاسەتێکی بنچینەیی کۆماری ئیسلامییە.
هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران هێرشەکانی ئێران بۆ سەر هەرێمی کوردستان و داودەزگا حکوومیی و حیزبیی و مەدەنییەکانی مەحکووم دەکات و پشتیوانیی لە هەرێمی کوردستان دەردەبڕێ. هەروەها سەبارەت بەوەی ئەو دەسدرێژییانە لە ڕووی یاساییەوە پێشێلکردنی ئاشکرای سەروەریی دەوڵەتی عێراقە، داوای هەڵوێستی شیاو لە بەغدا دەکات. ئەزموون سەلماندوویە کە بێدەنگبوون بەرانبەر رەفتاری دوژمنکارانە و تێکدەرانەی ئێران و دانەنانی تێچوو بۆ ڕەفتارەکانی، دەرفەتی پەرەپێدان و هەڵکشانی هەڕەشە و دەستدرێژییەکانی زیاتر بۆ دەخوڵقێنێ.
هاوپەیمانی کوردستانی داوا لە وڵاتانی خاوەن کۆنسولخانە و نوێنەرایەتیی لە هەرێمی کوردستان دەکا کە بۆ پێشگرتن لەو هێرشانە و پاراستنی سەروەری، ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان، تاران بخەنە ژێر گوشارەوە.

هاوپەیمانیی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران
٢٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٦

سیمینارێکی گرینگ لە وڵاتی نۆروێژهاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بانگهێشتی هەموو کوردستانیانی نیشتەجێی نۆرویژ...
16/08/2026

سیمینارێکی گرینگ لە وڵاتی نۆروێژ

هاوپەیمانی هێزە سیاسییەکانی کوردستانی ئێران بانگهێشتی هەموو کوردستانیانی نیشتەجێی نۆرویژ و دۆستانی گەلەکەمان دەکات بۆ بەشداری لە سیمینارێک بە بۆنەی ٢٨ی گەلاوێژ، ساڵڕۆژی فەتوای جەهادی خومەینی دژی کوردستان.
بە بەشداری:
ئیبراهیم عەلیپوور – مەریەم عەلیپوور – یونس بلوری

کات: یەکشەممە، ٢٣ی ئاگوستی ٢٠٢٦
کاتژمێر ١٣:٠٠ تا ١٧:٠٠
Stalsberggata 45, 2010 Strømmen – Sagdalen skole

بەشداری ئێوەی بەڕێز دەنگێکی گرنگە بۆ زیندوو ڕاگرتنی یاد و مێژوو و گەیاندنی پەیامی خەبات و داواکارییە ڕەواکانی گەلی کورد.
چاوەڕێی بەشداری و ئامادەبوونی گەرمتانین.

16/08/2026

پەیامی سەرەخۆشیی پارتی ئازادیی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی مەحموود ئاغای سەیفی قازی

بەداخەوە، دوێنێ شەممە ٢٤ی گەلاوێژی ٢٧٢٦، مەحموود ئاغای سەیفی قازی، کوڕی وەزیری بەرگریی کۆماری کوردستان، شەهید محەممەد حسەین خانی سەیفی قازی لە یەکێ لە نەخۆشخانەکانی هەولێر، کۆچی دوایی کرد.
سەبارەت بە پێشەوا قازی و سەیف و سەدری قازی، هەموو ئەندامانی ئەو بنەماڵەیە جێگای ڕێز و خۆشەویستیی ئێمەن و هاوبەشی خەمی هەموویانین.
پارتی ئازادیی کوردستان سەرەخۆشیی لە ماڵباتی کۆچکردوو و هەموو بنەماڵەی قازییان دەکا و داواکارە خوای گەورە کۆچکردوو بخاتە بەر دلۆڤانیی خۆی، و ئارامی و سێبووریی بە بنەماڵە، کەسوکار و تازییەبارانی ببەخشێ.

پارتی ئازادیی کوردستان PAK
٢٥ی گەلاوێژی ٢٧٢٦ کوردی
١٦ی ئاگۆستی ٢٠٢٦ زایینی

بەشداری وەفدێکی پارتی ئازادیی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی فینلاند.ڕۆژی هە...
15/08/2026

بەشداری وەفدێکی پارتی ئازادیی کوردستان لە ڕێوڕەسمی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وڵاتی فینلاند.
ڕۆژی هەینی، ١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٦،شاندێکی پارتی ئازادیی کوردستان (PAK) بە سەرپەرشتی سەردار وەلەدبێگی ئەندامی ڕێبەریی پارتی ئازادیی کوردستان کە بە فەرمی بانگهێشت کرابون، بەشدارییان کرد لە ڕێوڕەسمێکی تایبەت کە لە شاری سالۆ،ی وڵاتی فینلاند بە بۆنەی هەشتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی، ڕێکخرابو.

لە ڕێوڕەسمەکەدا، کە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە بەرپرسان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بەڕێوەچوو، چەندین وتار و پەیامی سیاسیی پێشکەش کران.

سەردار وەلەدبێگی، بە نوێنەرایەتی پارتی ئازادیی کوردستان، لە وتارێکدا پیرۆزبایی خۆی بە بۆنەی هەشتاهەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی سەرۆک مەسعود بارزانی پێشکەش کرد و جەختی لەسەر گرنگیی یەکڕیزی و هاوکاریی نێوان هێزە سیاسییەکانی کوردستان کردەوە.

لە میانەی ڕێوڕەسمەکەدا، شاندەکەی پارتی ئازادیی کوردستان لەگەڵ ژمارەیەک لە بەرپرسان و نوێنەرانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان دیدار و گفتوگۆیان کرد و لە کۆتاییشدا بە ڕێزەوە لە لایەن وەفدی خانەخوێوە بەڕێکران.
پارتی ئازادیی کوردستان/نوێنەرایەتی فینلاند

Adresse

Oslo

Telefon

+4796710946

Nettsted

Varslinger

Vær den første som vet og la oss sende deg en e-post når Kurdistan Freedom party Representation in Norway legger inn nyheter og kampanjer. Din e-postadresse vil ikke bli brukt til noe annet formål, og du kan når som helst melde deg av.

Snarveier

Del