28/03/2026
بەیاننامەیەك لە کۆمەڵەی گەشتوگوزارناسانی كوردستان
بە توندترین شێوە سەرکۆنەی ئەو پەلامارە ترسنۆکانەیە دەکەین کە لە شاری دهۆک کرایە سەر جێگای حەوانەوەی ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی تری پارێزگای دهۆک.
ئەم جۆرە پەلامارانە پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و تەنها ئامانج گرتنی بەڕێزیان نییە، بەڵکو دەستدرێژییەکی ئاشکرایە بۆ سەر قەوارەی هەرێمی کوردستان و هەوڵێکی نەزۆکانەیە بۆ تێکدانی ئارامی و ئاشتیەوایی سەرجەم عێراق.
ئاشکرایە هەرێمی کوردستان بەردەوام خۆی بەدوور گرتووە و بێ لایەن بووە لە ململانێ و شەڕە ناوچەیەکاندا، و نایەوێت ببێتە بەشێک لە هیچ ئاڵۆزیەک.
پێویستە حکومەتی فیدرالی عێراق وەڵامێکی یەکلاییکەرەوە و کرداری بەرامبەر بەو گروپە چەکدارە لە یاسا دەرچووانە هەبێت، کە بەردەوام و بێپاساو هێرش و پەلامار دەکەنە سەر هاوڵاتیان و دامەزراوەکانی هەرێم، تاوەکو چیتر ئاسایشی هەرێمی کوردستان و سەرتاسەری عێراق نەخەنە بەردەم هەڕەشە و ناسەقامگیرییەوە.
کۆمەڵەی گەشتوگوزارناسانی کوردستان
٢٨ی ئاداری ٢٠٢٦