01/06/2026
وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزەکانی ٧٠، هێزەکانی پشتیوانی، فەرماندەیی بەرگری و فریاکەوتن کرد
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە
ئەمڕۆ ١ـی حوزەیرانی ٢٠٢٦، بەڕێز شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، واژۆی لەسەر خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی (فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠ی پێشمەرگە، هێزەکانی پشتیوانی یەک، هێزەکانی پشتیوانی دوو، و فەرماندەیی هێزەکانی بەرگری و فریاکەوتن) کرد.
بەپێی خشتەکان، (١٣٨٥) ئەفسەر لە سەرجەم ئەو هێزانە پلەکانیان بەرزکراوەتەوە.
هاوكات لەگەڵ واژۆکردنی خشتەکەدا، وەزیری پێشمەرگە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ئەو ئەفسەرانە دەکات. کە پلەکانیان بەرزکراوەتەوە.
ئەمەش دەقی پەیامی پیرۆزبایی بەڕێز شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەیە:
"بەبۆنەی پلەبەرزکردنەوەی(١٣٨٥) ئەفسەری قارەمانی (فەرماندەیی هێزەکانی ٧٠، هێزەکانی پشتیوانی یەک، هێزەکانی پشتیوانی دوو، و فەرماندەیی پێشمەرگەی بەرگری و فریاکەوتن)، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم ئەو ئەفسەرە بەڕێزانە دەکەم کە پلەکانیان بەرزکراوەتەوە.
ئەم پلەبەرزکردنەوەیە، شایستەییەکی یاسایی و دەرەنجامی ڕاستەوخۆی دڵسۆزی، ماندووبوون و شەونخونی ئێوەی تێکۆشەرە لە ڕاپەڕاندنی ئەرکەکانتان و پاراستنی خاکی پیرۆزی کوردستان.
خۆشحاڵین کە هەوڵەکانمان لە ڕێکخستنەوە و ئاساییکردنەوەی پرۆسەی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە سەرکەوتووبوو؛ ئێستا پرۆسەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و یاسایی لە کات و وادەی خۆیدا جێبەجێ دەکرێت.
دڵنیام ئەم قۆناغە نوێیەی پلەبەرزبوونەوەتان دەبێتە پاڵنەرێکی بەهێزتر بۆ بەردەوامبوون و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان و سەرخستنی پرۆسەی چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانمان لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا.
هیوای سەرکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم لە ئەرکە پیرۆزەکەتان، هەمیشە سەربەرز و سەرکەوتوو بن لە پێناو خزمەتکردنی زیاتر و پارێزگاری کردن لە خەڵک و خاک و ئاڵای کوردستان."