11/09/2026
ناپلیۆنی ئەفغانستان؛ ئەحمەد شا مەسعود ئەو سەرکردەیەی پێش هەمووان درکی بە ڕاستییەکان کرد
پەنجەرە
ئەمڕۆ بیست و پێنج ساڵ بەسەر تیرۆرکردنی ئەحمەد شا مەسعوددا تێدەپەڕێت؛ ئەو پیاوەی ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ" پێناسەی کردبوو بەوەی "ئەو ئەفغانییەی شەڕی ساردی بردەوە".
شا مەسعود تەنیا دوو ڕۆژ پێش هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر کوژرا. دوای چارەکە سەدەیەک، لە کاتێکدا ئەمریکییەکان یادی توندترین هێرشی تیرۆریستیی مێژووی وڵاتەکەیان دەکەنەوە، هێرشێک کە نەک هەر ڕوخساری ئەمریکای گۆڕی، بەڵکو لە ڕێگەی ئەو شەڕە جیهانییەی دژی تیرۆر دەستی پێکرد، سەرلەنوێ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشی داڕشتەوە، پرسیارێکی گەورەی مێژوویی لە ئەمریکا و ڕووسیا دووبارە دەبێتەوە: "چی دەبوو ئەگەر...؟".
چیرۆکی مەسعود، وەک چیرۆکی ئەفغانستان خۆی، سنوورەکانی ئەو وڵاتەی بەزاند و بوو بە بەشێک لە مێژووی هاوچەرخی جیهان.
ئەم چیرۆکە بە داگیرکاریی سۆڤیەت لە ساڵی ١٩٧٩ دەستی پێکرد، دواتر بە ڕووخانی یەکێتیی سۆڤیەت تێپەڕی کە زۆنگاوی ئەفغانستان و ڕۆڵی مەسعود تێیدا لە هۆکارە سەرەکییەکانی لاوازبوونی بوون.
پاشان دوای ١١ی سێپتەمبەر، کەشوهەواکە هەڵگەڕایەوە و ئەمریکا خۆی لە دۆخێکدا بینیوە کە زۆر لەوە دەچوو سۆڤیەت پێشتر لە ئەفغانستاندا چەشتبووی.
ئەمڕۆ، ئیدارەی ترەمپ دووبارە سەرنجی لەسەر سەربازگەی باگرامە، کە ترەمپ بە گرنگترین بنکەی ئاسمانیی ئاسیا وەسفی دەکات.
لەگەڵ هاتنی ٩ی سێپتەمبەری هەموو ساڵێک، ئەمریکییەکان لە کەشوهەوایەکی خەمناکدا کۆدەبنەوە و یادەوەرییەکان دەکەنەوە، لە کاتێکدا هێشتا زۆر کەس پرسیار دەکەن: ئایا شەڕی ئەفغانستان و عێراق شایەنی ئەو هەموو باجە بوون، بەتایبەت لە سایەی هەڵگیرسانی شەڕێکی تردا دژی ئێران؟
ڕەوتی ڕووداوەکان دەکرا بە تەواوی بگۆڕێت ئەگەر ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندیی ئەمریکا (CIA) گوێی لە هۆشدارییەکانی ئەحمەد شا مەسعود بگرتایە. ئەم پیاوە تەنیا کەسایەتییەکی سەرەکیی ململانێی سۆڤیەت و ئەمریکا لە هەشتاکاندا نەبوو، بەڵکو لە ڕووداوێکی دەگمەنی مێژووییدا، توانی تەنیا چەند مانگێک پێش هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر، هەردوو ڕکابەرە دێرینەکە بۆ ماوەیەکی کورت لە دەوری ئامانجێکی هاوبەش کۆبکاتەوە.
ئەو پیاوەی سۆڤیەتی تووشی شکست کرد
لە ٩ی سێپتەمبەری ٢٠٠١دا، ڤلادیمێر پۆتینی سەرۆکی ڕووسیا پەیوەندیی بە جۆرج دەبلیو بوشی هاوتا ئەمریکییەکەیەوە کرد و بە نیگەرانییەوە هۆشداریی پێدا: "ئەحمەد شا مەسعود کوژرا، من زۆر نیگەرانم".
ئەمەش گۆڕانکارییەکی زۆر واتادار بوو بۆ ڕووسییەکان خۆیان؛ چونکە پۆتین لە ساڵانی شەڕی ئەفغانستاندا لە دەزگای هەواڵگریی سۆڤیەت (KGB) کاری کردبوو، و شەڕی ئەفغانستان لەو کاتەوە لە یادەوەریی ڕووسیادا نەسرڕابووەوە.
پۆتین، کە وەک زۆرێک لە پیاوانی ئەو سەردەمە هێشتا سەرسامی شکۆی ڕابردووی سۆڤیەت بوو، لە کەسێکەوە کە دژی مەسعود دەجەنگا، بووە کەسێک کە ڕێزی لێدەگرت و لە مانگەکانی پێش ١١ی سێپتەمبەردا پشتیوانیی دەکرد. کاتێک ئێوارەی ٩ی سێپتەمبەری ٢٠٠١ قسەی لەگەڵ بوش کرد، دەیزانی کە تیرۆرکردنی مەسعود بێ هۆکار نەبووە و ڕووداوێکی گەورە بەڕێوەیە.
لە مانگەکانی پێش هێرشەکاندا، ڕووسی و ئەمریکییەکان هاوکاریی یەکترییان کرد و زانیاریی هەواڵگرییان لەبارەی چالاکییەکانی بـ.ـن لـ.ـا د ن لە ئەفغانستان ئاڵوگۆڕ کرد.
کەمتر لە ٤٨ کاتژمێر دوای تیرۆرکردنی مەسعود، هۆشدارییەکەی مۆسکۆ هاتە دی کە وتبووی "ڕووداوێکی گەورە بەڕێوەیە".
ئەو کاتە کەس لە قەبارەی ئەوە تێنەدەگەیشت کە ڕوودەدات. دوای چەند ڕۆژێکی کەم، ئەمریکا شەڕی جیهانیی دژی تیرۆر ڕاگەیاند، بەمەش جیهان پێی نایە قۆناغێکی نوێوە کە تا ئەمڕۆش شوێنەوارەکانی بەردەوامن. ئێستا لە ناوچە جیاوازەکانی ئەفریقادا، بینەری شەڕە بچووکە نوێیەکانین کە گروپە تیرۆریستییەکان لە چەکدارە ئیسلامییەکانی ئەفغانستانەوە ئیلهامیان وەرگرتووە.
مەسعود بەوە ناسرابوو کە توانوویەتی لە پێنج پەلاماری جیاوازدا شکست بە سۆڤیەت بهێنێت لە دۆڵی بەنجشێر، کە ناوی دۆڵەکە بە فارسی واتە "دۆڵی پێنج شێرەکە". تەنانەت فیلمی "Rambo-3" وێنەیەکی خەیاڵیی مەسعودی وەک دیارترین سەرکردەی ئەفغانییەکان پێشان داوە کە یارمەتی سێلڤستەر ستالۆن دەدات لە ڕووبەڕووبوونەوەی سۆڤیەتدا.
ڕۆناڵد ڕەیگنی سەرۆکی ئەمریکا ستایشی فیلمی "Rambo-3"ی کردبوو و بە باشترین فیلمی دانابوو، و باسی لەوە دەکرد کە بۆ بەزاندنی سۆڤیەت پێویستیان بە گیانی ڕامبۆیە. بەڕاستیش ئەمریکییەکان لە ململانێکەیان لەگەڵ سۆڤیەتدا سەرکەوتن، و مەسعودیش نازناوی "ئەو ئەفغانییەی شەڕی ساردی بردەوە"ی پێبەخشرا.
چەندین فیلمی بەڵگەنامەیی بەهرەی سەربازیی ئەویان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سۆڤیەتدا پێشان داوە. هەروەها ساندی گاڵ، پەیامنێری دێرینی "ITV"، کتێبی ژیاننامەی فەرمیی ئەوی بە ناونیشانی "ناپلیۆنی ئەفغانستان" نووسی.
گاڵ لە سەرەتای هەشتاکانەوە بەدوادچوونی بۆ کارەکانی مەسعود دەکرد، تەنانەت پەیامی پشتیوانیی لە مارگرێت تاچەرەوە بۆ دەبرد، کە تاچەر سەردانێکی بەناوبانگی بۆ گەرووی خەیبەر کردبوو بۆ هاندانی موجاهیدانی ئەفغانستان تا لە شەڕی سۆڤیەت بەردەوام بن.
ئەمڕۆ ڕوون بووەتەوە کە ڕۆژئاوا لە شەڕەکەیدا دژی سۆڤیەت بەکاری هێنان، بەڵام هەرکە تانکەکانی سۆڤیەت لە کابول چوونه دەرەوە، پشتی تێکردن. دوای ئەوە ئەفغانستان تووشی شەڕی ناوخۆ بوو، و وڵاتانی دراوسێش دەستیان کرد بە پشتیوانیکردنی لایەنە ڕکابەرەکان تا کاریگەرییان لەسەر دەرئەنجامی شەڕەکە هەبێت.
لە ناو ئەو پاشگەردانییەدا، مەسعود تاقە سەرکردەی ئەفغانی بوو کە لە ناوخۆی ئەفغانستاندا ژیا، جەنگا و کوژرا. بەڵام سەرکردەکانی تر، وەک گوڵبەدین حیکمەتیار، ئیسماعیل خان، عەبدولڕەشید دۆستم و ئەوانی تر، لە دەرەوەی وڵات لە ئێران، پاکستان یان تورکیا دەژیان. مەسعود هەرگیز ئەفغانستانی بەجێنەهێشت.
دوای کشانەوە و ڕووخانی سۆڤیەت، کاتێک پۆتین بووە شوێنگرەوەی بۆریس یەلتسین، سەرۆکی ڕووسیا بووە یەکێک لە پیاوانی سەردەمی شەڕی سارد کە بە ڕێزەوە سەیری مەسعودیان دەکرد و شکستی خۆیانیان لەبەرامبەریدا قبوڵ کردبوو. لەوێوە پشتیوانیی پۆتین بۆ مەسعود دەستی پێکرد لە شەڕی دژی تاڵیبان و هاوپەیمانەکانی بە سەرکردایەتی بـ.ـن لـ.ـا د ن.
پۆتین هەوڵی دا ئەمریکییەکان ڕازی بکات پشتگیری لە مەسعود بکەن بۆ کوشتن یان دەستگیرکردنی بـ.ـن لـ.ـا د ن پێش ئەوەی کارەساتی گەورە ڕووبدات، بەڵام هەوڵەکەی بێسود بوو و کارەساتەکە ڕوویدا.
بۆچی مەسعود هێشتا گرنگە؟
لە ساڵی ٢٠٠٦دا، تۆڕی "ABC" زنجیرەیەکی تەلەڤزیۆنیی بە ناونیشانی "ڕێگای ١١ی سێپتەمبەر" بڵاوکردەوە، کە پشتی بە دەرئەنجامەکانی کۆمیسیۆنی لێکۆڵینەوە لە هێرشەکان بەستبوو. زنجیرەکە چەندین ڕاستیی شەرمەزارکەری ئاشکرا کرد، لە سەرەوەی هەموویانەوە ئەوەی کە ئیدارەی کلینتۆن دەرفەتی هەبووە بۆ بەئامانجگرتنی بـ.ـن لـ.ـا د ن.
لە دیمەنێکی درامیی زنجیرەکەدا، مەسعود دەردەکەوێت و دەڵێت: "ئەو لە ژێر نیشانەی ئامانجمان دایە". بەڵام ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) ڕەتیدەکاتەوە مۆڵەتی هێرشی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بدات، و ئامادەش نابێت پشتیوانی لە مەسعود بکات لە شەڕی دژی تاڵیبان، کە هەزاران چەکداری عەرەب و نا-ئەفغانی بە سەرکردایەتی بـ.ـن لـ.ـا د ن لە پاڵیاندا دەجەنگان.
لەگەڵ هاتنی بیست و پێنجەمین ساڵیادی هێرشەکاندا، زنجیرەکە دووبارە بووەوە جێی گەنگەشە، و مەسعود وەک هێمای دەرفەتێکی لەدەستچوو کەوتەوە ناوەندی سەرنجەکان. کاریگەریی زنجیرەکە کاتی پەخشکردنی ئەوەندە بەهێز بوو کە بیل کلینتۆن گوشاری دروستکرد بۆ ڕاگرتنی.
بەڵام وێنە گەورەکە کە لە دیدی ئیدارەی کلینتۆن و بوش شاراوە بوو، ئەحمەد شا مەسعود بوو. ئەگەر چی لە شەڕی دژی بـ.ـن لـ.ـا د ن و تاڵیبان پشتیوانی بكرایە، هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر ڕوویان نەدەدا. گرنگیی تایبەتیی مەسعود ڕێک لەمەوە سەرچاوە دەگرێت.
مەسعود هۆشداری دابووە وڵاتانی عەرەبی کە ئەگەر ئاگاداری مەترسیی ئەم چەکدارە عەرەبانە نەبن، ڕۆژێک دەگەڕێنەوە وڵاتەکانی خۆیان و شەڕ هەڵدەگیرسێنن. بەڕاستیش دواتر میسر، جەزائیر، ئوردن و سعودیە خۆشی بەدەست ئەو تیرۆرەوە ناڵاندیان کە لەلایەن ئەو چەکدارانەوە دەکرا کە لە هەشتاکان و نەوەدەکاندا لە ئەفغانستان جەنگابوون.
بیرەوەرییەکانی عەبدوڵڵا ئەنەس (زاوای عەبدوڵڵا عەزام) لەبارەی ئەزموونی عەرەبەکان لە ئەفغانستان، یارمەتیدەرە بۆ ڕاستکردنەوەی چەندین زانیاریی هەڵە کە تا ئێستاش بڵاون؛ لەوانەش ئەوەی کە گوایە مەسعود بەشێک بووە لە هەمان ڕەوتی پەڕگیر کە دواتر قاعیدەی دامەزراند.
کتێبی "کاروانەکە"ش کە ژیاننامەی عەبدوڵڵا عەزامە و تۆماس هیگهامەر نووسیویەتی، بە وردی باس لەو ناکۆکییانە دەکات کە لە نێوان عەزام و بـ.ـن لـ.ـا د ن دوای کۆبوونەوەی عەزام لەگەڵ مەسعود سەریان هەڵدا.
بـ.ـن لـ.ـا د ن و چەکدارەکانی سەرسام نەبوون بە مەسعود، لە کاتێکدا مەسعود لە ناوەڕاستی هەشتاکانەوە پێی وابوو زۆربەی چەکدارە عەرەبەکانی دەوروبەری بـ.ـن لـ.ـا د ن هەڵگری بیرۆکەی پەڕگیرن.
دوای ئەوە عەزام کوژرا—لە نێوان دەنگۆی ئەوەی کە بـ.ـن لـ.ـا د ن و لایەنی پاکستانی لە پشت تیرۆرکردنی بوون—و دواتریش ڕووداوەکان پشت دەرپشت ڕوویان دا و بوون بە بەشێک لە مێژوو.
ئەمڕۆ، لەگەڵ بیست و پێنجەمین ساڵیادی هێرشەکاندا، زۆر کەس لە ئاژانسی هەواڵگریی ناوەندی (CIA) و چەندین ئەفسەری سەردەمی شەڕی سارد، یادی ئەو دەرفەتە لەدەستچووە دەکەنەوە.
وەک لە فیلمی "شەڕی چارلی ویلسۆن"دا هاتووە، ئەندامە بەناوبانگەکەی کۆنگرێس لە تەکساسەوە لە بەرامبەر دوو کۆمسیۆنە دەسەڵاتدارەکەی هەواڵگری و بەرگری دەڵێت: "ئێمە قۆناغی کۆتاییمان تێکدا".
لەلایەن ١٩٨٩وە تا هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر، ئەمریکا پشتی کردە ئەفغانستان. بەرپرسیارێتیی ئەمەش تەنیا لە ئەستۆی ئەمریکییەکان خۆیاندایە، چونکە مەسعود بە تەنیا بەردەوام بوو لە جەنگەکەی، تا ئەوەی تەنیا دوو ڕۆژ پێش هێرشەکانی ١١ی سێپتەمبەر لە تەقینەوەیەکدا تیرۆر کرا.